وا هاتەوە نەورۆزی کوردەواری!…

واتای نەورۆز:

نەورۆز بەواتای ڕۆژی نوێ دێت

نەو=نوێ + رۆز یان (روز) = رۆژ.

ئەمە بە واتای داھاتنی رۆژێکی نوێ و دەستپێکردنی ژیانێکی تازە.

سەرھەڵدانی نەورۆز بە گشتی:

گەلانی ئاری نەژاد وەک یەک گرنگی بە نەورۆز دەدەن. بەو پێیەی سەرھەڵدانی ئەم ڕووداوە کەوتوەتە ئەو شوێنە جوگرافییەی کە لە خۆرھەڵاتی ئەوروپاوە دەست پێدەکات بۆ باشوری ئاسیا. ھەر یەک لە ناوچەکانی جێنشینێتی ئێستای (کوردستان، ئێران، ئەفغانستان، ھیندستان، پاکستان و …ھتد) دەگرێتەوە، بۆیە ساڵانەش ھەر یەک لەو وڵاتانە بە شێوەی جیاواز و تایبەتمەندێتی خۆیان ڕێوڕەسمی نەورۆز یاد دەکەنەوە.

شکور مستەفالە (دەفتەری کوردەواری)ـدا دەڵێت:”ئاریایی نەژادەکان حەوت جەژنی سەرەکییان ھەبووە: نەورۆز، میھرەگان، سەدە، تیرەگان، پەروەردگان و کۆسە”. نەورۆز و میھرەگان پیرۆزترین جەژنیانن.بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان، دوو ھۆکاری سەرەکی لە دیاریکردنی رۆژی نەورۆزدا ڕۆڵیان ھەیە، ئەوانیش:

-ھۆکاری ئابوری:

ئەوەی پەیوەندی بە لایەنی سیاسییەوە ھەیە ئەوەیە، کە نەورۆز دەبەسترێتەوە کاتی ڕاگەیاندنی یەکەم چوارچێوەی حوکمڕانێتی ڕێکخراو (دەوڵەتداری)، کە لە مێژوودا بە دەوڵەتی پێشدادی ناسراوە.

لەسەرزەمینی ئەوکاتی ئێراندا، پێشدادی یەکەم دەوڵەت بووە دامەزراوە. ھەڵبەتە دەوڵەت بەو واتا قەوارە و جیۆسیاسی و یاساییەی ئەم رۆژگارەی ئێستایەوە نا، بەڵکو وەک پەیکەرێک بۆ رێکخستنەوەی ژیانی خەڵک لە بەرەڵایی و ھەرکەس بۆخۆ و ھەڕەمەکییەوە، بۆ ژیانێکی رێکخراوتر.ئەمە ڕووداوە بەپێی گێڕانەوەی مێژوونووسان کەوتوەتە سەرەتای بەھارەوە. ڕووداوەکەش بەلای خەڵکەوە گرنگی زۆری ھەبووە و ئەوەی خواستووە کە ئەو رۆژە بە (رۆژێکی نوێ) ناو بنێن. ئیتر لەمەوە بوەتە نەورۆز.

ھۆکاری ئابوری پشت سەرھەڵدانی نەورۆزیش بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە، کە لەھەمانکاتی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادییەوە، کۆتایی بەوەرزی زستان و قات و قڕی و سەرما ھاتووە و بەپێی گۆڕینی وەرزەکان، لەسەرەتای بەھاردا ژیانێکی نوێ ھاتوەتە کایەوە و خەڵک کە ژیانی لەسەر ڕاو و شکار و ئاژەڵداری و کشتوکاڵ بووە، ھەمیشە لەگەڵ بەھاردا باشتر ژیاون و سەرەتای ئەو وەرزەشیان بە (رۆژێکی نوێ) ناوبردوە.

ھاوکات بوونی دامەزراندنی دەوڵەتی پێشدادی و گواستنەوەی ژیانی خەڵک لە ھەڕەمەکی و نادەستورییەوە بۆ چوارچێوەیەکی رێکتر، لەگەڵ دەستپێکردنی وەرزی بەھار و کۆتایی ھاتنی نەھامەتییەکانی سەرما و نەبوونیدا، بونەتە ھۆکاری دیاریکردنی نەورۆز.

پەیوەندی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک بە نەورۆزەوە لەلایەن نەتەوەی دیكەی ئاریایی:مێژووی نەورۆز وەک لەسەرەوە ئاماژەی بۆ کرا، کۆنترە لە مێژووی کاوەی ئاسنگەر و زوحاک. ئەگەرچی ئەم دوو کارەکتەرەش بەشێکن لە مێژووەکە.

دەڵێن جەمشید کە چوارەم پاشای پێشدادییەکان بووە، فەرمانڕەوایەکی گونجاو بووە بۆ خەڵکەکەی. ژیانی رێکخستونەتەوە و خانوو و تەلار و جێی و ڕێی دروست کردووە.

دوای ئەو، فەرمانەڕەوایەکی تر ھاتوەتە سەر تەختی پێشدادی کە (زوحاک) بووە. ئەم پاشایە ستەمکار بوە بۆ خەڵکەکەی و چەوساندنەوەی لە فەرمانەڕەوێتیدا پەیڕەو کردووە. خەڵک بەدوای ئەوەدا گەڕاون لێی دەرباز بن.

کاوەی ئاسنگەر یەکێک بووە لەو کەسانەی بەرەوڕووی ستەمی زوحاک بوەتەوە. سەرکردایەتی شۆڕشێکی کردووە و توانیویەتی کۆتایی بە دەسەڵاتی زوحاک بێنێت و(فەرەیدون)ی نەوەی (جەمشید)ی لەسەر تەختی فەرمانڕەوایی داناوە.

رۆژی سەرکەوتنی شۆڕشەکەی کاوە و فەرەیدون ھاوکاتی ھەمان رۆژی نەورۆز بووە. دوای سەرکەوتنی شۆڕش و لەناوبردنی دەسەڵاتی ستەمکارەی زوحاک، خەڵک لەسەر شاخێکی بەرز ئاگریان کردوەتەوە وەک ھێمایەک بۆ ئاگادارکردنەوەی ناوچەکانی دەوروبەر لە ڕووداوێکی گەورە و کاریگەر.

راستی کوردبوون لەنێوان (کاوەی ئاسنگەر) و (زوحاک)دا:

ئەو دێڕانەوەی سەرەوە ئاماژەیەک بەو راستییە دەدات، کە کاوەی ئاسنگەر یەکێک بووە لەو سەرکردانەی شۆڕش کە دژی ستەمکاری زوحاک بەرپاکراوە.

ھەندێک بە هەڵە  خوێندنەوەی ئەو ڕووداوە مێژوویە یە بەو شێوازە دابین دەکەن، کە (زوحاک) ھەمان کەسایەتی (ئاستیاگ) بێت، کە ئەمەی دوایین کۆتا پاشای میدییەکان بووە. ئەمەش ئەو بابەتەی ھێناوەتە کایەوە کە بوترێت (زوحاک) کورد بووە و کاوە فارسێک بووە و دەسەڵاتی کوردی لەناوبردوە.

مێژوونووسەکانی مێژووی کۆن و نوێی ئێرانی و مێژووی پێشدادی و ئەشکانی و میدی و ھەخامەنشی و فارسیش نەیانوتوە (ئاستیاگ) ھەمان کەسایەتی (زوحاک)ـە. بەڵکو ئەوەی ھەیە. لێچونێک لە ناوەکانیاندا ھەیە

بەڵگەکان:

بەڵگەکان بۆ یەکلاکردنەوەی ئەم راستییە کەم نین. بۆ نمونە:

١-ئەوە دەزانرێت کە زوحاک یەکێک بوە لە پاشاکانی دەوڵەتی پێشدادی و دوای جەمشیدی چوارەم فەرمانڕەوا، دەسەڵاتی گرتوەتە دەست. (ئاستیاگ)یش دوا فەرمانڕەوای میدییەکان بوە.ھەڵبەتە، سەردەمی حوکمداری پێشدادی و میدی زۆر لەیەکەوە دوورن. راستە، شوێنی جوگرافی ھەردوو دەوڵەت لەیەکەوە نزیکن، بەڵام سەردەمەکەیان جیاوازە.

٢-سەردەمی پێشدادی، نوسین بوونی نەبووە، بەڵام بۆ سەردەمی میدی جیاواز بووە و مێژوونووسان لە توێژینەوەکانیاندا ئەوەیان سەلماندووە کە میدییەکان ساڵی ٧٠٠ پ.ز ھەتا ٥٥٠ پ.ز فەرمانڕەواییان کردوە.

٣-لە ئەدەبیاتی بابلییەکاندا ناوی (ئاستیاگ)ی کۆتا پاشای میدی بە (ئیختوویکۆ) ھاتوە، کە تا ئێستا ھیچ نوسینێک ئەوەی نەسەلماندوە ئەو ناوە بە بەر (زوحاک)یشدا بڕا بێت.

٤-لەبارەی ڕەچەڵەکی زوحاکەوە دوو ڕا ھەیە:

یەکەمیان ئەوەیە کە شازادەیەکی پێشدادی بوە. دوەمیشیان رەچەڵەکی ئەبەستێتەوە رەگەزی (سامی)ەوە بەتایبەت ئەوترێت لە ناوچەی (یەمەن)ەوە گەورە بووبێت و ئامادە کرابێت بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتی پێشدادی.

ئەبوحەنیفەی دینەوەری لای وایە زوحاک دەبێتە برازای (شەدید کوڕی عەملیق کوڕی عاد کوڕی ئەرم کوڕی سام کوڕی نوح)ی پاشای یەمەن.

شەھابەدین کوڕە ئەحمەدیش لەکتێبی (مسالک الابێار فی ممالک الامێار)دا زەحاک بە پاشایەکی بەرەچەڵەک عەرەب ناساندوە.

بەم جۆرە ئەو راستییە زیاتر ڕوون دەبێتەوە، کە زوحاک ھیچ پەیوەندییەکی بە کەسایەتی (ئاستیاگ)ی دوا فەرمانڕەوای میدییەوە نییە. لەمەشەوە، بەپێی سەرچاوە مێژووییەکان ئەو راستییە دەسەلمێنرێت، کە کاوەی ئاسنگەر شۆڕشگێڕێکی کورد بوە و دژی پاشایەکی ستەمکار شۆڕشی کردوە.

دیدگاهتان را بنویسید

نشانی ایمیل شما منتشر نخواهد شد. بخش‌های موردنیاز علامت‌گذاری شده‌اند *